بۆ رێزگرتن و دەربڕینی وەفا و یادی پزیشکێکی بەئەمەکی شاری سلێمانی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق ئامادەی یارییەکی دۆستانە بوو.

لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عیراق و یەکێتی تۆپی پێی عیراق لقی سلێمانی بەهاوکاری تیمی کۆرنەری دکتۆر رەنج، لە یاریگای بچوکی چوارباخ کۆمەڵگەی وەرزشی یانەی سلێمانی، یارییەکی دۆستانەی بۆ یادی کۆچکردوو د. رەنج ئەنوەر حەمە سەعید رێکخست.

کۆچکردوو د. رەنج پزیشکێکی خەمخۆر بوو لەپۆستی بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و  هەموو هەوڵ و توانای بۆ خزمەتکردن و پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتیان تەرخان کردبوو.

یارییەکە بەرۆحیەتێکی وەرزشی ئاست بەرز و لەگەڵ چەندین مانۆڕ و پێشکەش کردنی توانا وەرزشییەکانی یاریزانان بەڕێوەچوو، دواجار تیمی ناوبژیوانانی تۆپی پێی سلێمانی بەسێ گۆڵ بەرانبەر بەدوو گۆڵی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی یارییەکەیان بردەوە.

لەکۆتاییشدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی لە هەردوو تیمی بەشدار کرد و خەڵاتی بەسەریاندا دابەش کرد.