سودانی هەوڵەکانی بافل تاڵەبانی بۆ رێککەوتنی هەرێم و عیراق بەرزدەنرخێنێت
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە محەمەد شیاع سودانییەوە پێگەیشت و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ، سەرۆک وەزیرانی عیراق، رۆڵی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەرزنرخاند وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە بونیادنانی رێککەوتنی نێوان هەرێم و عیراق.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویکردەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق پێگەیشت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا محەمەد شیاع سودانی، زۆر سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بۆ ئەو هەموو هەوڵ و کۆشش و دەستپێشخەرییانەی کە لەماوەکانی رابردوودا داویەتی بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوو حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پیرۆزبایی خۆی پێ راگەیاندن.
ئاشکراشیکرد، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا محەمەد شیاع سودانی، رۆڵی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەرزنرخاند وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە بونیادنانی ئەو رێککەوتنەدا، راشیگەیاند؛ کە ئەو رێککەوتنە دەستپێکێکە نەک تەنیا بۆ چارەسەری کێشەی موچە، بەڵکو چارەسەرە بۆ بووژانەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان و عیراق.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکیتی ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرانبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی عیراقی کرد بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و پیرۆزبایی رێککەوتنەکەی لێکرد، ئەوەشی بە سەرۆک وەزیران راگەیاند، کە بە هیواین سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای ئەم رێککەوتنە وەک ماف و بەپێی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەروەها ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆکاری سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتدا.
هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندبوونی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستانی بە رێککەوتنەکەوە بەپێویست زانی.



