هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی گەشتوگوزار، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا پابەندبوونی دەستەکەی بە پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار وەک پایەیەکی گەشەسەندنی بەردەوام دووپاتکردەوە.

ئەمەل جەلال رایگەیاند، درووشمی ئەمساڵی رێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی "گەشتوگوزار و گۆڕانکاریی بەردەوام"ـە، جەختیشی کردەوە کە "گەشتوگوزار پردێکە لە نێوان گەلان و بزوێنەری دەرفەتی ئابوورییە."

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم "وەرچەرخانێکی مێژوویی" بەخۆیەوە بینیوە لە روی ژێرخان و زیادبوونی پڕۆژە گەشتیارییەکانەوە، هەروەها سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان پابەند کراون بە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی.

سەبارەت بە پلانی داهاتوو، ئاشکرای کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی "رێبەرێکی تایبەت بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیاری"، هاوکات رێکخستنەوەی پیشەی رێبەریی گەشتیاریش کراوەتە کاری لەپێشینەیان.