قوباد تاڵەبانی: دوای ساڵانێكی زۆر لە قەیران ئێستا كاتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەیە
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، پەیامێكی لە بارەی رێككەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت لە نێوان هەرێم وعیراق بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، ئەو رێککەوتنە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان و عیراق، دەرگاش دەکاتەوە لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەمان بەپێی دەستور و لەڕێی گفتوگۆ و دانووستانی بەردەوامەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای ئەم رێککەوتنە، هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ دابینکردن و گەرەنتیکردنی هەموو ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، چونکە دوای ساڵانێکی زۆر لە قەیران و ناکۆکی، ئێستا کاتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و کارکردنی هەمەلایەنە بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و عیراق لە هەموو روویەکەوە.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، زۆر سوپاسی تیمەکانی دانووستانکار و ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانی گەورە بوون بۆ سەرکەوتنی دانووستانەکان و بەبێ ئەوان ئەم دەستکەوتە گرنگە بەدی نەدەهات.



