دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق تۆمەتباری کوشتنی 'ئەکبەری حاجی رۆستەم'ـی لەشاری بەغداد دەستگیرکرد، دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاندووە، تۆمەتبار بەڕەگەز عەرەبە و تەمەنی 22 ساڵە و دوای رادەستکردنی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان دانی بەتاوانەکەیدا ناوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، 22ـی ئەیلولی2025 لەگوندی ئۆمەربلی قەزای کفری هاووڵاتی ( ئەکبەری حاجی رۆستەم ) دەکوژرێت، دوای روداوەکە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان  لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت بکوژ چووەتە باخی قوربانییەکە و چاوەڕوانی کردووە و دوای گەیشتنی (ئەکبەری حاجی رۆستەم)بەفیشەکێکی چەکی جۆری دەمانچە دەیکوژێت و دواتر بکوژ ئۆتۆمبێل و موبایلی کوژراو دەبات و لە شوێنی تاوان هەڵدێت، لەڕێگای ناحیەی سلێمان بەگ دەچێتە بەغداد و لەناوچەی دۆرە لەماڵێک خۆی حەشار دەدات.

دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاندووە، دواتر توانرا لە 23ـی 9ـی 2025 لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق و بەهەماهەنگی و زانيارى دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیر بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبار بەڕەگەز عەرەبە و تەمەنی (٢٢)ساڵە ناوی (عەبدول عزیز جاسم محمود) دوای رادەستکردنی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان لەدەزگای ئاسایشی هەرێم دانی بەتاوانەکەیدا ناوە.

ئاشکراشیکرد، لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەماددەی ( 406 )لەیاسای سزادان راگیڕاوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.

 

بۆ بینینی ساتی ئەنجامدانی تاوانەکە و لێکۆڵینەوەکان کلیک لێرە بکە....