ئیمان ئامێدی: رێککەوتنی نێوان هەرێم و عیراق دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق ئەنجامدرا، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی کە بەردەوام لە بەغداد داکۆکیکاری سەرسەختی مافە رەواکانی گەلی کورد بووە و هەمیشە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە رۆڵێکی کاریگەری و یەکلاکەرەوەی هەبووە لەچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، لە رابردوودا سەرۆک مام جەلال بە کاریزمایی خۆی سەرجەم کێشەکانی بە ئاسانی و گفتوگۆ چارەسەردەکرد، ئێستاش بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشێوازی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکان لە بەغداد، گرفت و کێشەکان چارەسەر دەکات.
وتیشی، ئەم رێککەوتنەی ئێستا لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق لەبارەی نەوتەوە ئەنجامدرا، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبووەوە و گفتوگۆیەکی چڕی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی موچەخۆران، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، لە رابردوودا سەرۆک مام جەلال هەمیشە چەتری کۆکەرەوەی هەموو لایەنە سیاسیەکانی عیراق بوو، هەروەها بە سەمامی ئەمانی عیراق ناسرابوو، ئێستاش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر هەمان رێباز و سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال بەردەوامە.
ئیمان ئامێدی ئاماژەی بەوەشکرد، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بەردەوام لەسەر خەت بووە، بۆ هەر پڕۆژە یاسایەک و گرفتێک کە هەبوو بێت، بۆ ئەوەی کێشەکان نەگاتە ئاستێک کە زیان بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت و بە زووی چارەسەری بکات، دەشڵێت، سەرۆکی یەکێتی هەمیشە کار بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەردەوام داکیکۆکاری سەرسەختی مافە رەواکانی گەلی کوردە.
"سەرۆکی یەکێتی لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر مافەکانی گەلی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و زامنکردنی شایستە داراییەکان کە لە بەغدادن، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک فریادڕەسێک هەوڵەکانی چرکردەوە بۆ نێوەندگیری کردنی هەردوو حکومەت و گەیشتن بەرێککەوتنێکی هاوبەش و بنەڕەتی" ئیمان ئامێدی وادەڵێت.



