خانمی یەكەمی عیراق دەڵێت، گونجاوترین رێگا بۆ ناساندنی خەبات و شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان كەڵك وەرگرتنە لە هونەر و موزیك و فۆلكلۆری كوردی.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عیراق لە سلێمانی چاویكەوت بەوەفدێكی گروپی هونەرگەها وڵات بەسەرۆكایەتی مەحمود بەرازی و شێرۆ هندی و دەلیل میرساز و لە دیدارێكدا ئاستی بەرەوپێشچونی بواری هونەری لە رۆژئاوای كوردستان تاوتوێكرا و كار و بەرهەمەكانی گروپەكە بەرزنرخێنرا بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگ و سەركەوتن و ئازارەكانی گەلی كورد بەگەلانی دنیا.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، گونجاوترین رێگا بۆ ناساندنی خەبات و شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كەڵك وەرگرتنە لەهونەر و موزیك و فۆلكلۆری كوردی و لەخۆگرتنی ناوەڕۆكی نیشتمانپەروەری و بەرگریكارانەش وایكردووە شۆڕش لەجیهان دەنگ بداتەوە.

هەر لە دیدارەكەدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی گروپی هونەرگەها وڵات كرا بۆ پەرەپێدانی كاری هونەریی تا سلێمانی پارێزگاری لەو پێگەیەی بكات و هەردەم نمونەی كاری هاوبەش و پێشەنگ بێت بۆ كوردان.