سەنتەری میترۆ رایگەیاند؛ لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لەبارەی چەند کەناڵێکەوە دەرخەری هەبوونی ئامرازەکانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و زانیاری، ئاماژەیان كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕەشە و جیاكاری بەكاربهێنێت، ئەو رۆڵی كارئاسانییە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەنتەری میترۆ راگەیەندراوێكی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، لە کۆنگرەکەی ئەمڕۆدا، هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو كەناڵانەی تر گەر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی وتەبێژ روماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن.

میترۆ دەڵێت؛ ئەو رەفتارەی وتەبێژ جەختكردنەوەیشە لەسەر بێ نرخكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە رێگەی داوە رۆژنامەنووس لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا ئامادە بێت.

لە بەشیکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، میترۆ جەخت لەوە دەکاتەوە كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕەشەو جیاكاری بەكاربهێنێت، ئەو رۆڵی كارئاسانیە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و وجیاوازی بیروڕا.

 

دەقی راگەیەندراوکەی سەنتەری میترۆ

 وتەبێژی حكومەت هەڕەشە لە هەموو میدیاكان دەكات

سلێمانی، 24ی ئەیلولی 2025: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری زانیاری و بازدان بەسەر یاسا رۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میواندری میدیاكاران.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەی رۆنامەگەری وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی پرسیارێكی ئەیوب وەرتێی، پەیامنێری كەناڵ8 دا لەبارەی هۆكاری ئامادەنەبوونی پەیامنێری كەناڵی رووداو وتی" كاتێك ئامادە دەبن كە هەست بكەم ئیلتزاماتی پیشەییانە هەیە، لەوانەیە رۆژێك رووبدات تۆش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت".

وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو كەناڵانەی تر گەر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی ووتەبێژ روماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن لە پێشەوایاندا كەناڵ8، هەروەك جەختكردنەوەیشە لەسەر بێ نرخكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە رێگەی داوە رۆژنامەنووس لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا ئامادە بێت.

كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕشەو جیاكاری بەكاربهێنێت ئەو رۆڵی كارئاسانیە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و وجیاوازی بیروڕا.

بە پێی زانیارییەكانی میترۆ، كەناڵی رووداو بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراوە، كە گەیشتونەتە شوینی كۆنگرەكە پێیان وتراوە مایكەكەیان دانەنێن.

ئەم رەفتارە نەك بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری، بەڵكو پێچەوانەی ئەتەكێتی میوانداری میدیاكارانە، ئەو پرسیارەیش دەوروژێنێت كە رووداو بەپێی پێوەری پیشەیی ووتەبێژی حكومەت روماڵ ناكات، بۆ بانگهێشتیان دەكەن؟ كە بانگهێشتیان دەكەن بۆ ناهێڵن مایكەكەی بخاتە بەردەمتان؟

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و هەڕەشەكردن لەكەناڵ8 دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و زانیاری، بازدانیشە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و پێچەوانەی لانی كەمی ئاكارەكانی میواندری میدیاكارانە بۆ چالاكی رەسمی.