ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەزارەتی دارایی راسپارد، 120 ملیار دینار بۆ مانگی تەممووز بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عیراق، پەلەش بكرێت لە یەكلاكردنەوەی دۆسێی داهاتی نانەوتیی بە رێككەوتنێكی هاوبەش.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و بەپێی راگەیەنراوێكیش بابەتی رێككەوتنی سێ لایەنەی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت، تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆی لەسەركراوە و ئێستاش حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەیە بۆئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا جێبەجێ بكرێت.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایشیی راسپارد بە زوترین كات، 120 ملیار دینار بۆ مانگی تەممووز بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عیراق، پەلەش بكرێت لەسەر یەكلاكردنەوەی دۆسێی داهاتی نانەوتیی بە رێككەوتنێكی هاوبەشی نێوان هەردوولادا.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 120 ملیار دینارەكە رەوانەی عیراق دەكەن و بە گەیشتنی پارەی بەغدادیش دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی حەوت دەكەن.