وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە، هەڵدەستێت بە فرۆشتنی نزیکەی هەزار و 321 تەن "کتێبی کۆنەی سوود لێ وەرنەگیراو".

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە، پرۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی ئەو کتێبانە بۆ جاری دووەمە و بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی  2021تایبەت بە فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت.

وردەکارییەکانی زیادکردنەکە:

  • بڕی کتێب: نزیکەی (1321) تەن، کە بڕەکەی ئەگەری کەم و زیادبوونی هەیە.

  • شوێنی کتێبەکان: کۆگاکانی ناوەندی وەزارەت، پەروەردەی پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و پەروەردەی قەزاکان.

مەرجەکانی بەشداریکردن و کڕین:

  • ئەرکی هەڵگرتن و بارکردنی کتێبەکان لە ئەستۆی کڕیاردایە.

  • پێویستە کڕیار لە ماوەی 45 رۆژدا کتێبەکان لە سەرجەم کۆگاکان هەڵبگرێت، بەپێچەوانەوە بۆ هەر رۆژێکی دواکەوتن سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

  • پێویستە بەشداربوو لە رۆژی زیادکردنەکەدا چەکێکی بانکی بە بڕی (69،000،000) شەست و نۆ ملیۆن دینار وەک بارمتە پێشکەش بکات.

  • کرێی بڵاوکردنەوەی راگەیاندنەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی زیادکردنەکەی بۆ دەردەچێت.

زیادکردنە ئاشکراکە ڕۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 2ی تشرینی یەکەمی 2025، کاتژمێر 11:00ی بەیانی لە بینای بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ئەنجام دەدرێت.

هاوڵاتیان دەتوانن بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (07518077232) یان (07504448183)ـەوە بکەن.