وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە چوارچێوەی راسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، تەواوی پابەندبوونەکانی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتەکە ئیمزای لەسەر سەرجەم کۆمپانیاکانی ناوخۆ و بیانی کردووە. تەنها یەک کۆمپانیای بیانی تا ئێستا ئەو رێککەوتنەی ئیمزا نەکردووە، بەڵام وەزارەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە "کاریگەری نییە لەسەر رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتمان و کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ."

هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندووە، "وەڵامی رەزامەندییەکانی وەزارەتمان و کۆمپانیاکان لە 23ی ئەم مانگەدا بە نووسراوی رەسمی ناردووەتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ." بۆیە چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ وەڵاممان بداتەوە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سومۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکات و بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.