ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بە خەرجکردنی موچەی مانگی حەوتی موچەخۆرانی هەرێم، وەزیرێکی کوردیش دەڵێت: سودانی فەرمانی بە تەیف سامی کردووە دەستبکات بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خەرجکردنی موچە.

د. هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگەی عیراق لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، سودانی بە وەزیری دارایی راگەیاند، موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا خودی محەمەد شیاع سودانی باسی لە بابەتی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد و پرسیاری ئاڕاستەی وەزیری نەوت سەبارەت بە گفتوگۆکان  بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەروەها وەزیری نەوت رایگەیاند، هەموو گفتوگۆکان ئەرێنی بوون و کۆمپانیاکان هەموو ئامادەن نەوت لەرێگەی سۆمۆوە هەناردەبکەن، تەنها یەک کۆمپانیای نەوتی نەبێت کە کێشەیان لەسەر نزیکەی 60 هەزار بەرمیل نەوت هەیە، بڕیاریشە ئەو نەوتەی بۆ لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە بەرهەمدەهێنردرێت بۆ بابەتی ناوخۆ بەکاربهێندرێت.

د.هەڵۆ عەسکەری ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوە زۆر خێران و گفتوگۆکان ئەرێنین.