عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە کوژرانی هاوڵاتییەک لە قەزای کفری. بەپێی راگەیەندراوەکە، شەوی رابردوو پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربل سەربە ناحیەی سەرقەڵا.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە؛ دەستبەجێ، مەفرەزەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی روداوەکە و دەرکەوتووە کە هاوڵاتی (ئەکبەر ڕۆستەم محەمەد) ناسراو بە ئەکبەر حاجی رۆستەم، لەدایکبووی ساڵی1955، لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکەی خۆی بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە.

دەستبەجێ پۆلیس دەستی بە هێڵکاری شوێنی روداوەکە کردووە و دەستکراوە بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر چۆنێتی روداوەکە. لە ئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ روداوەکە کردۆتەوە و دەستی بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەسەر چۆنێتی روداوەکە و ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتبار.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی قوربانییەکە کە لە کاتی روداوەکە پێی بووە، براون.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند: "لە داهاتوودا لە رێکارەکان و هەر زانیارییەک سەبارەت بە روداوەکە، و هەر گۆڕانکارییەک لە ئاڕاستەی لێکۆڵینەوەی روداوەکە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندن بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە."