کاروان یاروەیس: رێکارەکانی رێکەوتنی سێ قوڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان کۆتاییهاتووە
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: هەموو رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنی سێ قوڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان کۆتاییهاتووە.
کاروان یاروریس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، هەموو رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنی سێ قوڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتووە.
وتیشی، رەشنوسی رێکەوتنەکەش ئامادەیە، تەنها ئیمزاکردنی هەر سێ لایەنەکەی ماوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکەوتنەکە لە بەغدا ئیمزا بکرێت.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق یەکلایی بوەتەوە، دەربارەی دیاریکردنی دادگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، لە نێوان دادگای بەریتانیا و دادگای عیراق، هەردوولا لەسەر دادگای پاریسی نێودەوڵەتی رێکەوتون.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەریمی کوردستان، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەی خستەڕوو، بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان 235 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، رێکەوتنەکە بەو جۆرەیە کە 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە و 180 هەزاریشی لە نێوان سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییەکان دابەش دەکرێت.
دەشڵێت، رونکردنەوەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت چارەسەر نیە و کۆتایی بە کێشەکان نەهێناوە، بۆیە دەرفەتێکی دیکەی داوەتە هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی داهاتی نانەوتی لە رێگەی گفتوگۆوە.
دوو پێشنیاز لە ئارادەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی داهاتی نانەوتی، حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 120 ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بکات، یاخود دەبێت حکومەتی هەرێم پەنجا لەسەدای داهاتی گشتی بە نەوتی و نانەوتییەوە رادەستی عیراق بکات، "کاروان یاروەیس وا دەڵێت".
راشیگەیاند، پێشبینی دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی یەکەم قبوڵ بکات و مانگانە 120 ملیار دینار وەکو داهاتی ناوخۆیی رادەستی حکومەتی عیراق بکات.



