ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عیراق و پارێزگاری سلێمانی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و زیاتر لە 140 هەزار خوێندکاری نوێ دەست بە خوێندن دەکەن.
بەپێی ئامارە رەسمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، هەموو ساڵێکی خوێندن زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار خوێندکار لە هەرێم دەخوێنن، هاوکات ژمارەی ئەو خوێندکارانە لە حەوت هەزار و 438 ناوەندنی خوێندن دەوام دەکەن.
هەر بەپێی ئامارەکان، 148 هەزار مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن 22 ملیۆن و 134 هەزار کتێبی نوێ چاپکراون و 500 ناونیشانی کتێب گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.



