شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی بۆ سەگی بێلانە راگەیاند
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە ئەنجامدەدات، هەر کەسێکیش سەگێک بگرێت و رادەستی شەڵتەری بکات سێ هەزار دینار پاداشت دەکرێت.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکان و گەڕەکەکان، نزیک بوونەوە لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییان دەکات، هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ (ماوەی هەفتەیەک).
ئاشکراشیکردووە، سبەینی، رۆژی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی هەر سەگێک بەچکەی هەبێت بەبێ بەچکەکە نەبێت، هەروەها لە کاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت، ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت، واتە (لەشوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانیان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێک تەنها ئەوانەی سنوری شارەوانیی سلێمانی بن.
شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕتر کردوەتەوە، تا بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لەلایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە.
هەروەها شارەوانی سلێمانی داوا لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان کە پشتیوان و هاوکاریان بن، بۆ ئەم هەڵمەتە کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاووڵاتیان هەیە.
شارەوانی سلێمانی ئەم ژمارە تەلەفونەی و ناونیشانی شەڵتەرەکەی داناوە بۆ پەیوەندیکردن.....
دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن:
ژمارە مۆبایل: 07719914460
شوێنی شەلتەرەکە: ڕازیانە، نزیک بازگەی عەربەت.



