بزوتنەوەی گۆڕان-زەرگەتە: پلنیۆم لە دەستوری گۆڕاندا بوونی نییە
١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕانی گردی زەرگەتە پەیامێکی بڵاوکردووەتە و تێیدا هاتووە، "پلنیۆم لە دەستوری گۆڕاندا بوونی نییە و ئاگاداری سەرجەم (هەڵسوڕاوان، مەکۆکان و ئەندامانی دەستەی گشتی) ئەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لە بەشداری لەو کۆبونەوەیە، چونکە هیچ پەیوەندی بە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە نییە".
بزوتنەوەی گۆڕان – زەرگەتە لە پەیامێکدا دەڵێت: دەنگۆی ئەوە هەیە رۆژی شەممە، 20ـی 9ـی 2025 لە شاری سلێمانی پێشێلکارانی دەستوری گۆڕان و بەرنامەی سیاسی و هەموو بنەماکانی قانون و کاری رێکخراوەیی، کۆبونەوەیەک بە ناونیشانی (خۆ رێکخستنەوە، کاری پێکەوەیی و ئاشتەوایی) لە شاری سلێمانی ئەنجام بدەن.
لە پەیامەکەدا هاتووە، ئەو کۆبونەوەیە کە جارێک ئەڵێن پلینیۆمە (پلینیۆم لە دەستوری گۆڕان هەر بونی نیە)، یان کۆبونەوەی فراوان یان کۆنفرانس هیچ پەیوەندییەکی بە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە نیە. نە کاری پێکەوەییە و نە بۆ ئاشتەواییە، هەروەها کاتێک پەیوەندی لەگەڵ هەڵسوڕاوان دەکەن بە درۆ دەڵێن کە کۆبونەوەی هەردو لایە یان بۆ ئاشتەواییە، ئەمەش دورە لە راستییەوە و ئەو بەڕێزانە هەرچی پرۆژەی ئاشتەوایی هەیە رەتیانکردۆتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان – زەرگەتە دەشڵێت: لە 13ـی 4ـی 2025 هەموو سیفەتێکی قانونیان لەدەستداوە، ئەمەش بە نووسراوی رەسمی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە لە فەرمانگەی گشتی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانەوە دەرچوە، هەروەها مەرامی پشت ئەم جۆرە کۆبونەوانە بۆ فریودانی گۆڕانخوازانە چونکە بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران شەش مانگ دەرفەت دراوە بە گۆڕان، تاکو کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەم کارانە بۆ تێکدانی رەوشەکەیە.
لە پەیامەکەشدا هاتووە، ئاگاداری سەرجەم (هەڵسوڕاوان، مەکۆکان و ئەندامانی دەستەی گشتی) ئەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لە بەشداری لەو کۆبونەوەیە، چونکە هیچ پەیوەندی بە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە نیە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە: دووپاتی دەکەینەوە کە پابەندین بە پەیام و بەرنامەو دەستووری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە، هاوتەریب بە کردەوەش سەلماندومانە پابەند بووین بە سەرجەم بڕیارو راسپاردە قانونییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، کە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا پەیڕەو کراوە.



