کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتی نانەوتییەکان و موچەی موچەخۆرانی  کۆتایی هات، لە کۆبووەنەوەکەدا جەخت کرایەوە نابێت چیتر ئاستەنگ لەبەردەم خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دروستبکرێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییە دەستورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی موچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی موچەی موچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە مافێکی یاسایی و رەوای خۆیانە موچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە دووتوێی راپۆرتێکدا، وردەکاریی دواپێشنیازی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەسەندکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند کرا و رەوانەی بەغدا کرا.

ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات ( جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناغەش لەسەر ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و وا چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو رێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، تا کاتی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی سێقۆڵیش، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیيەکان و وەفدی دانوستانکاری راسپارد ، رێکاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی موچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات.

لە کۆبوونەوەکەدا  وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی دیکەی وەفدی دانوستانکار، وردەکاریی زیاتری گفتوگۆکانی ئەم دواییە و لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانیان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختی کردەوە کە ئیتر لە بەرانبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دەستبەجێ موچەی مانگی تەمووز و ئابی ساڵی 2025 ی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عیراق، موچەخۆرانی هەرێم، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ، تەواوی موچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە رێکارە داراییەکان لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستوریەکانی هەرێم وەک لە دەستوری هەمیشەیی عیراق جێگیر کراوە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، چەند پێشنیاز و راسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە رێکار و رێنماییەکانی باج و رێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکانی عیراق گفتوگۆیان لەسەر کردووە.


ئەنجومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات، لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستوریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابوری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بدەن.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەش، پرسی دەسپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو پڕۆسەیە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.