پۆلیسی راپەڕین: دوو کەس بەتۆمەتی دزینی کەلوپەلی کارگەیەک دەستگیرکران
١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دوو کەس بەتۆمەتی دزیکردن لە کارگەیەک دەستگیرکران، کە بە بەهای 25 هەزار دۆلار ئامێر و کەلوپەلیان دزیبوو.
بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،دوای ئەوەی هاووڵاتیەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر، سکاڵای تۆمارکرد کە بەوتەی خۆی "دزی لە کارگەکەی کراوە کە تایبەتە بە تێکەڵەکردن و ئامادەکردنی قیر و زیانەکانیشی 25 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت، هێزەکانیان توانیان تۆمەتبارەکان دەستگیربکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری، توانیان هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، هەروەها بە وتەی خۆیان "ژمارەیەک بزوێنەر و کەلوپەلی تری کارگەکەیان دزیووە"
پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕو، بەبڕیاری دادوەر و بە مادەی 443 لە یاسایی سزادانی عیراقی تۆمەتباران ڕاگیرکران، هاوکات بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی حاجیاوا ژمارەیەک لە کەلوپەلە دزراوەکان دەستیان بەسەرداگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەسەر روداوەکە بەردەوامە.



