سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان و پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.

بەپێی نوسراوێکی رەسمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە، سبەینێ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان و پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، میکانیزم و رێکارەکانی جێبەجێکردنی پاپەندیی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، بەپێی بڕیاری نێوان هەردوو حکومەت ولێکتێگەیشتنی هاوبەشی پەسندکراوی نێوانیان، لەلایەن وەفدی دانوستانکارەوە دەخڕێتەڕوو.

هەر لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەبڕگەی دووهەمی کۆبوونەوەکە، لەچوارچێوەی پڕۆسەی یەکخستنەوەی رێکارە داراییەکان لەنێوان حکومەت فیدراڵ و هەرێم لەبەر رۆشنایی کۆنووسی نێوان هەردوو حکومەت راسپاردەیەک دەخرێتەڕوو بۆ یەکخستنی رێکار و رێنماییەکانی باج و رێژەکانیان.