قسەکانی ئەحمەد شەرع لە دەوحە
١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە وتارێکی کورتدا لە لوتکەی نائاسایی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە، رایگەیاند: "دوژمنکاریی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هێشتا بەردەوامە، و ئەم وڵاتە ماوەی نۆ مانگە بەردەوامە لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سوریا."
شەرع جەختی لە پشتیوانیی تەواوی دیمەشق کردەوە بۆ وڵاتی قەتەر لە روبەروبوونەوەی "دوژمنکارییە ستەمکارانەکەی ئیسرائیل".
"کوشتنی دانوستانکار و کردنەئامانجی نێوەندگیر"
سەرۆکی سوریا وتیشی: "یەکێکە لە دەگمەنەکانی مێژوو کە دانوستانکار بکوژرێت، و شتی وا لە مێژوودا نەبووە کە نێوەندگیر بکرێتە ئامانج،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە کەسایەتی دیپلۆماسی و دەستپێشخەرییەکانی نێوەندگیری کردە ئامانج.
سەرۆکی سوریا داوای یەکڕیزیی عەرەبی و ئیسلامی کرد و وتی: "هیچ ئوممەتێک کۆنەبووەتەوە و یەکی نەگرتووە، ئیللا هێزی زیاتر بووە، و هیچ ئوممەتێکیش پەرتەوازە نەبووە ئیللا لاواز بووە." هەروەها دووپاتیکردەوە کە "تەواوی گەلی سوریا شانبەشانی براکانیان لە وڵاتی قەتەر وەستاون، وەک وەفایەک بۆ ئەو وڵاتە و بۆ دادپەروەریی هەڵوێستەکەی."