ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی 9ـی 2025 بە ئیمەیڵی رەسمی، سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئاگادارکراوەتەوە لە گۆڤاری (KJAR) Kurdistan Journal of Applied Research  کە تایبەتمەندە بە بواری (زانستە کردارییەکان) لە داتابەیسی سکۆپەس ئیندێکس کراوە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلیمانی رایگەیاندووە،  ئەم ئیندێکس کردنە بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر ستاندارد و تۆکمەیی پرۆسەی پێداچوونەوەی هاوتاکانمان و کوالێتی ناوازەیی ئەو توێژینەوانەی زیاتر کاریگەرن بۆ بڵاوکردنەوە، ئەم دەستکەوتەش سەلمێنەری هەوڵ و ماندووبونی بەردەوامیی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و  تیمی سەرپەرشتیاری گۆڤارەکەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی لە هەوڵداندا بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەم بەرهەمە زانستییە گرنگە، کە ئەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و رەوتی توێژینەوەی زانستی و بەجیهانی کردنی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکان لە گۆڤاری (KJAR) ی سەر بە زانکۆمان.

ئاماژەی بەوەشداوە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و دروست کردنی سیستەمێکی ئاکادیمی بەهێزو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.