لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 31 پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە.

هۆزان قادر سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگی رابردووی ئەمساڵدا، 14 پێشێلکاری بەرانبەر بە دەزگا میدیاییەکان تۆمارکراوە و 31 پێشێلکاریش بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، هاوکات نۆ رۆژنامەنووس بەهۆی گازی فرمێسک رێژەوە لەکاتی روماڵکردن رەوشی تەندروستییان تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەروەها چوار دەزگای میدیایی لە کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانەکان لە دێگەڵە رێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە هەولێر، دوای پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دوای یەک رۆژ ئینجا رێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە شارەکە.

وتیشی، لەمساڵدا 15 حاڵەتی رێگەنەدان بە روماڵکردن تۆمارکراوە و 11 رۆژنامەنووسیش گیراون و بە کەفالەت ئازادکراون.

هۆزان قادر راشیگەیاند، زۆرترین پێشێلکاری لە شاری هەولێر بووە و کەمترین پێشێلکاری لە هەڵەبجە تۆمارکراوە.

ئاشکراشیکرد، زۆرترین پێشێلکاری لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمەوە ئەنجامدەدرێت، کە جیاوازی لەنێوان میدیاکان دەکات و ئەو میدیانەی کە لەخۆیانەوە نزیکە زانیارییان پێدەدات و میدیاکانی دیکە پشت گوێ ئەخات.