لە روداوێکی هاتوچۆدا لە کەرکوک چوار کەس گیانیان لەدەستدا
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە کەرکوک روداوێکی سەختی هاتوچۆ رویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای پشتێنەی کەرکوک 'حەولیەکە'، روداوێکی سەختی هاتوچۆ رویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
عامر نەریمان وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هۆکاری روداوەکە بۆ تیژڕەویی دەگەڕێتەوە و ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشاوە بە سێ بارهەڵگرەکەدا لە ئەنجامدا دوو شۆفێری بارهەڵگرەکان و دوو سەرنشنینی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی، بارهەڵگرەکان لە نزیک شەقامەکە راوەستاوبوون و خەریکی کێشەی بارهەڵگرەکانیان بوونە، ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە شەش سەرنشینبوون و خوێندکاربوونە، بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و لە ئەنجامدا خۆی کێشاوە بە هەر سێ بارهەڵگرەکەدا، کەراستەوخۆ لە شۆفێرەکانی بارهەڵگرەکانی داوە و هەر سێکیانی شێلاوە.
وتەبێژی هاتووچۆی کەرکوک داواش لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات پاپەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ ببن و تیژڕەوی ئەنجام نەدەن، تا روداوی لەو شێوەیەی لێنەکەوێتەوە.



