ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی عیراق دەکات، پێشنیازی حکومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجامدا و داوا دەکات یاسا فیدراڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵی بکرێتە بنەما بۆ بابەتی داهاتی نانەوتییەکان، تا چیتر نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، پێشنیازی هەرێم سەبارەت بە پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشی پێکردنی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ پشتبەست بە هەردوو یاسای فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدراڵ ژمارە 13 ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیازی حکومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چیدی نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم داوای شایستەکانی خۆی بەگوێرەی یاسا دەکات ئەمەش وا دەخوازێت حکومەتی فیدراڵ، پێشنیاز و تێڕوانینى یاسایی حکومەتی هەرێم لەمبارەیەوە قبوڵ بکات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەبارەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، هەموو ئەو هەنگاو و رێکار و ئاسانکارییانەی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەنديی گشتی بێت، بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سروشتيیەکان راسپێردراوە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک.

ئەنجومەنی وەزیران راشیگەیاندووە، بڕیاریدا ئاسانکاریی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بکات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە رێژەی 15٪ ی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان، ئەم ئاسانکارییەش تا 31-12-2025  بەرکار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتیيانەی دەیانەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.