د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ 10ی ئەیلوولی 2025 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازیكرد لە دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆ سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی و رێگاکانی سەرخستنی کرا. 
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی لابردنی هەموو ئاستەنگەکان کردەوە کە رەنگە رووبەڕووی کاری کۆمسیۆن ببنەوە و دابینکردنی پشتیوانی پێویست بۆ تەواوکردنی رێکارە هونەرییەکان، هەروەها راهێنان و پەرەپێدانی ئەو کادیرانەی کە ئەرکی ئامادەکردن و سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لە ئەستۆ دەگرن بۆ بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن.  
لەلایەن خۆیەوە، دادوەر عومەر ئەحمەد ستایشی پەرۆشی سەرۆک کۆماری کرد بۆ دابینکردنی پشتیوانی تەواو بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ تەواوکردنی ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکان، هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆماری کرد لە دەرکردنی پەیمانێک لە شەش خاڵدا بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی هەڵبژاردنەکان.