ئەمشەو دیاردەی مانگ گیران رودەدات و ناوەندە فەلەکناسییەکانیش دەلێن: دیاردەی مانگ گیرانەکە ماوەی 82 خولەک دەخایەنێت.

ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر 7:27 خولەک مانگ گیرانی تەواو هەستی پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها لە کاتژمێر 9:11 خولەک دەگاتە لوتکەی گیران و مانگ بە تەواوی دەگیرێت.

وتیشی، ئەو دیاردەیە 82 خولەک بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان دەتوانن بە چاوی ئاسایی سەیری بکەن، هاوکات بەهۆی گونجاوی کەشوهەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت مانگ گیرانە ببینرێت، دەشڵێت، ئەگەر دووربین بەکاربهێنرێت زۆر بە روونی دیارەدەکە دەبینرێت.

سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەم مانگ گیرانەی کە روودەدات رەنگەکەی سور دەبێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مانگ دەچێتە ناو سێبەری زەوی و بەرگە هەوا تەنها رێگەی بەرەنگی سور و پرتەقاڵی دەدات دەربازبێت بەو هۆکارەش کە ئەو تیشکانە دەگاتە سەر رووی مانگ، مانگ رەنگی سور و پرتەقاڵی نیشان دەدات.

لێدوانی ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان لەبارەی دیاردەی مانگ گیران