عەباس عراقچی: هەركاتێك ئەمریكا رێزی لە بەرامبەری گرت تارانیش ئامادە دەبێت بۆ دانوستان
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەبێت رێز لە ماف و بەرژەوەندییەكانی ئێران بگیرێت و هەر كاتێك ئەمریكا رێزی لە بەرامبەرەكەی گرت ئامادەن بۆ دانوستان.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی كۆنفرانسی نیشتمانیی تواناكانی وەبەرهێنان لە ناوچە ئازاد و بازرگانییەكانی ئێران رایگەیاند، ئەو ڕۆژەی واشنتن ئامادە بێت بۆ دانوستان لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر، ئەوانیش ئامادەن بۆ دانوستان.
دەشڵێت، وڵاتانی ترۆیكا هەڵەیەكی گەورەیان كرد لەبارەی چالاككردنی سزاكان، ئەمەش كارەكانی قورستر كردووە و دانوستانەكان بەردەوامن بەو هیوایەی بگەینە لێكگەیشتنێكی هاوبەش.
وتیشی، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوای هێرشەكەی سەر بنكە ئەتۆمییەكان تێكچووە و وەك جاران نەماوە.