ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک دوو کرێکار لە دوو شوێنی جیاواز لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ کرێکارێک کە تەمەنی 36 ساڵانە بە ناوی پێشڕەو عەلی لەکاتی بۆیاخکردنی باڵەخانەیەک، بەهۆی تەزوی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کرێکارە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، کرێکارێکی دیکە لەگەڕەکی سۆراو کرێکارێکی تەمەن 45 ساڵان بە ناوی ئازاد ئەحمەد کە پیشەی کارەبا چییە، لەکاتی کارکردن لەسەر پەیژەیەک دەکەوێتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات.

ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو کرێکارەکە خێزاندارن و لە نەتەوەی کوردن.