دەزگای ئاسایشی هەرێم: ئەو ئەمریکییەی لە لالەزار دەستگیرکراوە تۆمەتبارە بە مەشقپێکردنی هێزێکی میلیشیا
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییەی لە لالەزار دەستگیرکرا تۆمەتبارە بە مەشقپێکردنی هێزێکی نایاسایی و دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت: بەبێ ئاگاداری وڵاتەکەی ئەو کارەی کردووە.
عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی (برایان ویڵسن) لە شەوی روداوەکەی لالەزاردا لە 22ـی مانگی رابردوو دەستگیرکراوە و پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بەوەدا ناوە، کە خۆی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی وڵاتەکەی کە ئەمریکایە ،هاوکار بووە لە دروستکردن و مەشق و راهێنانی مەیدانی بە میلشیایەکی چەکداری نایاسایی بە ناوی (هێزی دووپشک).
وتیشی: وەکو کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و راهێنانی سەربازی بووە بەو هێزە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراوە، لەئێستادا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.



