سولی گەیت ئەجەنسی، لە دووەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی لە پارکی هەواری شار رێکدەخات، کە بڕیارە لە بەرواری 4ی ئەیلوول دەستپێبکات و بۆ ماوەی 8 رۆژ بەردەوام بێت.

ئەم فێستیڤاڵە وەک دەروازەیەک بۆ براندە ناوخۆیی و بیانییەکان خزمەت دەکات بۆ ناساندن و نمایشکردنی کاڵا و بەرهەمەکانیان بە هاووڵاتییان.

لە فێستیڤاڵەکەدا، زیاتر لە 90 براند و کۆمپانیای هەمەجۆر بەشدارن، کە بوارەکانی خواردنگە و کافێ، کلینیکی پزیشکی، دەرمانخانە، نووسینگەی خانووبەرە، کاری دەستی و چەندین بواری دیکە دەگرێتەوە. هەروەها چەندان براندی ناوازە لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانیش بەشدارییان لەم فێستیڤاڵەدا کردووە.

تایبەتمەندییەکی دیکەی فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی ئەوەیە کە زۆربەی براندە بەشداربووەکان داشکاندنی تایبەتیان لەسەر کاڵاکانیان داناوە یان خەڵات و دیاریی تایبەت پێشکەش بە بەشداربووان و سەردانکەران دەکەن.