ناوچە کوردستانییەکانی هەرێم: بەردەوام لە هەوڵدادەبین بۆ ئەوەی خوێندکاران بە زمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکان بدەنەوە
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هێشتا رێگری دەکرێت لەوەی خوێندکاران بە زمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکان بدەنەوە، دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت: هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
لەبارەی رێگریکردن لە خوێندکاران کە بەزمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکان بدەنەوە، دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، دوای دەرچوونی نوسراوی ژمارە (٨٢٩٨) لە (16-7-2025) ـی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق کە رێگری ئەکات لە وەڵامدانەوەی خوێندکاران بەزمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، ئەوکات و دوای هەوڵەکان وەها راگەیەندرا کە کێشەکە چارەسەرکراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشەیە کە خەرقێکی روونی مادەی چواری دەستوری عیراقە، هێشتا چارەسەرنەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگرییەکان وەک خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی کە تاقیکردنەوەی وەزارین، بۆیە وەک دەستەی ناوچە کوردستانیەکان بەردەوام لە هەوڵدادەبن بۆ ئەوەی مادەی چواری دەستور و کێشەی خوێندکاران چارەسەر بکرێت و ئاریشەکانی بەردەم زمانی کوردی وەک دووهەم گەورەترین زمانی بەکارهاتوو لاببرێن.
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم داوا لە کاربەدەستەکانی بەغداد دەکات هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت خوێندکاران بەزمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوە و وەرگێڕی پێویستیش بۆ روونکردنەوەوی وانەکان دابین بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەدا وەک دەستەی ناوچە کوردستانیەکان رایانگەیاند، بڕیار پێویستە بەبڕیار هەڵبوەشێتەوە نەک بە گفتوگۆی زارەکی، عیراق و دەستورەکەی موڵکی گەلانی عیراقە و لەم چوارچێوەیەشدا مافی رەوای خەڵکی کوردستانە شەڕی زەوتکردنی مافە دەستورییەکانی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەنجامبدات، بێگومان لە بەردەوامی ئەم کێشەیە و پابەندنەبوون بە مادە چواری دەستور و پێشێلکردنی، رێگەی دادگای فیدڕاڵی ئەگرنەبەر.



