ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەناردەكردنەوەی نەوت دەکات
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكومەت و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، كۆدەبێتەوە و دوو پرس تاووتوێ دەكات.
راشیگەیاندووە، لە بڕگەی یەكەمدا رێڕەوی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەكانی ئەمدواییەی نێوان وەفدی دانوستانكار و لیژنە هاوبەشەكانی هەردوولا، دەربارەی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەكان و دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و لەیەكترگەیشتن و كۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەكان دەخرێتە ڕوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بڕگەی دووهەمدا پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی سیستمی نوێی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.



