لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئیدانی هەوڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند دەکات و بە کارێکی ترسنۆکانە ناوی دەبات.

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی تەقەکردن لە هێمن مامەند راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: تەقەکردن لە رۆژنامەنووس ھێمن مامەند رەفتارێکی ترسنۆکانە و دوورە لە کارو پیشەی خەڵکی ئازا، چونکە رۆژنامەنووس ھەڵگری چەک نیە تا بە چەک تەقەی لێبکرێت و ئەم حاڵەتەش دەچێتە خانەی ھەوڵدان بۆ تیرۆرکردن.

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەنراوەکەدا، داوا دەزگا بەرپرسەکان لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم بابەتە بکەن و ئەنجامدەران ئاشکرا بکەن، چونکە ژینگەی میدیای سلێمانی رۆژنامەنووسی تێدا تیرۆر نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، با ھەموومان ھاوکار و ھاریکاریی یەکتربین تا پایتەختی رۆشنبیریی ھەرێمەکەمان بە پاکی و بە جوانیی بۆ میدیاکاران بمێنێتەوە.

هەر لە راگەیەنراوەکدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ئێستاد باری تەندروستی هێمن مامەند زۆر باشە و جێگیرە.