وەزارەتی دارایی: دەستبەسەراگرتنی موڵکەکانی نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەنراوێکی لەسەر دەستبەسەراگرتنی موڵکەکانی نالیا و چاڤی بڵاوکردەووە و رایگەیاندووە: دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێكی یاساییە و فرۆشتنی سەرجەم موڵكە دەست بەسەرداگیراوەكان لە پڕۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەلایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرانبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەندێک کەناڵی راگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاری دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاودەکرێتەوە و شیکردنەوەی جیاواز بۆ بابەتەکە دەکرێت ، بۆیە وەزارەتی دارایی لە رێگەی ئەم رونکردنەوەیە بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ ڕای گشتی و میدیاکان دەخاتەڕوو.
وەزارەتی داراییئەوەشی خستەڕوو، بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلایی بوونەوەی داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندی وەزارەتەکەیان و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرانبەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی، هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا لە رۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پڕۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاندووە، ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە رێکاری یاسایی بەرانبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، هاوکات گۆڕینی خاوەندارێتی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010 ، 2011 ) کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە ، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لەساڵی 2015 وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت تاوەکو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەکە لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەوە و رێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر .
لە کۆتا خاڵی راگەیەنراوەکەدا، لەبەرانبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دواین جار چوار پارچە زەویان وەک بارمتەی قەرزەکە دانابوو کەدووجار یاسا شکێنی تیا کرا بوو ، یەکەم ئەو زەویانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەکەی بۆ وەرگیرابوو، کەئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێک نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە.
هەروەها ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەویانە کرابوو چەند هێندەی نرخی بنەرەتی زەویەکان بوو ، دوای هەوڵدانێکی زۆرو کاری چڕو پڕ هەموو ئەو پێشێلکارییە یاساییانە راست کرانەوەو دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە پلەی کۆتایی وەرگرت، نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکەکان دانراو داوا لەفەرمانگەی جێبەجێکردن کرا رێکاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵکەکان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بگرێتەبەر، لەنێو سەدان موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی (60 ) موڵک دەستنیشان کران کە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار .
وەزارەتی دووپاتی دەکاتەوە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن و لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەکان، سەرجەمیان رێکاری یاسایی و ئیداریان بەرانبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵکانە گیراوە کەکاتی خۆی وەک بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەکە دایان ناوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوشدا توانراوە بەبەهای زیاتر لە سەد و دە ملیار دینار دەست بەسەر موڵکی خاوەن قەرزەکان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بکرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە بیست و پێنج ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی کاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.



