جارێکی تر هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەی سەیران بەن دەستی پێکردەوە، ئەمەش دوای ماوەیەک لە داخران بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە.
بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سەیران بەن بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ جموجۆڵی بازرگانی لەم مەرزەدا دەستی پێکردەوە، ئەم دەروازەیە پێشتر بەهۆی رەوشی ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل داخرابوو.
ئاماژەی بەوەکرد، دوای هەوڵ و ماندوبوونێکی بەردەوام ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی محەمەد تاهیر سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سەیران بەن، لەگەڵ بەڕێوەبەری پایانەی مەرزی سەیران بەن لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەروازەکە جارێکی تر بەڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکاندا کرایەوە.
کردنەوەی دەروازەی سەیران بەن دەبێتە هۆی ئاسانکاری زیاتر بۆ گواستنەوەی شتوومەک و کاڵای بازرگانی بۆ شاری سلێمانی و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کردنەوەی ئەم دەروازەیە ببێتە هۆی باشترکردنی جموجۆڵی بازرگانی، خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان و هاوکات رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستیە بنەڕەتییەکان بکات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.