لە هەرێم چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672 كەس فۆڕمی خۆراكیان پڕكردووەتەوە
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك، تا ئێستاش زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێم فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە و بەشە خۆراكی یەك ملیۆن كەسیش راگیراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك و تائێستا لە كۆی ژمارەی گشتی بەشداربووانی فۆڕمی خۆراك لە هەرێمی كوردستان، كە پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 كەسە، چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672 كەس فۆڕمەكەیان پڕ كردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تائێستا 86%ی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕكردووەتەوە، بەشێوەیەك لە هەولێر 88%، سلێمانی 87%، دهۆك: 83% و هەڵەبجەش 89% بووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، لە سبەینێوە پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك دەبێتە پارە و هەر خێزانێك فۆڕمەكە پڕ بكاتەوە، 11 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بە رێگەی كارتی بانكیی، بەڵام بۆ گواستنەوە و زیادكردن و جیابوونەوەی خێزان سێ تا پێنج هەزار دینار بە كارتی بانكیی وەردەگیرێت.
حسێن سەبری نوێنەری وەزارەتی بازرگانی هەرێم بۆ بەغداد رایگەیاندووە، بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراك، تائێستا بەشەخۆراكی یەك ملیۆن كەس لە هەرێمی كوردستان راگیراوە.



