ئەمڕۆ، لە شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا، رێکخراوی یەکێتیی کوردناسان بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و فەرهەنگییەکانی نێوان روسیا و کوردستان، بە شێوەیەکی رەسمی دامەزرا.

کۆنفرانسی دامەزراندنی رێکخراوەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی رێکخراوە کوردییەکان و نوێنەری شەش دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی بەرێوەچوو، کە کار لەسەر پرسی کورد دەکەن. هەروەها، پەیام و پشتیوانیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە کۆنفرانسەکە گەیشتبوو.

ئامانجی سەرەکیی یەکێتیی کوردناسان بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و فەرهەنگییەکانی نێوان روسیا و کوردستان. هەروەها، ئەم رێکخراوە هەوڵدەدات وەک پلاتفۆرمێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان کار بکات. یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان ئەوەیە کە توێژینەوەکانی تایبەت بە مێژوو، فەرهەنگ، ئایین و بارودۆخی سیاسیی کورد، لە روانگەیەکی کوردیانەوە و لەلایەن توێژەرانی کوردەوە ئامادە بکرێن و بڵاو بکرێنەوە، هاوکات هاوکاریی توێژەران و کوردناسانیش بکرێت.

لە یەکەم کۆنفرانسی خۆیدا، دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا، کە پێکهاتبوو لە:

  • سوارە شاکەلی، وەک سکرتێری رێکخراو

  • ئیلیا ڤیدێنێڤ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

  • شۆڕش ئابی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

  • تاتیانە ئۆدینسۆڤا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

  • وەزیری کاشاخی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی


    وێنەکان: