سەرچاوەیەک بۆ کوردسات نیوز: رۆژی سێشەممە بڕیار لەبارەی چارەنوسی موچەی مانگی شەش دەدرێت
محەمەد رزگار
٢٤ی ئابی ٢٠٢٥
وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق کۆبوونەوە، سەرجەم گرفت و خاڵی ناکۆکەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هاوکات رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر موچەی مانگی شەش دەدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، ئەمڕۆ وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە سێ بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی دارایی و سێ بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی سێ کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دیوانی چاودێری دارایی و محەمەد تمیمی سەرۆکی لیژنە وزارییەکەی حکومەتی عیراق.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاشکرای دەکات، وەفدی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و بە ئامادەبوونی تەیف سامی وەزیری دارایی و راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عیراق، کۆبونەوەیەکی چڕییان ئەنجامداوە و تێدا سەرجەم خاڵی ناکۆک و گرفتەکان لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمەوە گفتوگۆی لەبارەوەکراوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتوون بە خاڵێکی هاوبەش و کۆتایی لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێم.
بەپێی زانایرییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، وەفدی هەرێم لەگەڵ محەمەد تمیمی سەرۆکی لیژنە وزراییەکەی حکومەتی عیراقیش کۆبوەتەوە و تێیدا، تێبینی و داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی لە راپۆرتێکدا پێشکەش بە سەرۆکی لیژنەکە کردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لیژنە وزارییەکە راپۆرتی وەفدی هەرێم و وەزارەتی دارایی عیراق، پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی عیراق بکات و ئەوکات بڕیار لەسەر چارەنووسی موچەی مانگی شەشی هەرێم دەدرێت.