وەزیری دارایی عیراق رەتیکردوەتەوە 120 ملیار دینارەکە وەک داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش وەربگرێت
محەمەد رزگار
٢٣ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی عیراق بۆ رەوانەکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم، داوای رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەران و یەکلایکردنەوەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیاری دەستکەوتووە، لە کۆبونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی نێوان وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق، تەیف سامی وەزیری دارایی رەتی کردوەتەوە بڕی 120 ملیار دینار وەکو داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش لە وەزارەتی دارایی هەرێم وەربگرێت.
ئەو سەرچاوە باڵایەی حکومەتی هەرێم بە پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاندووە، وەزارەتی دارایی عیراق، ئەوەی بە وەفدی هەرێم وتوە کە بۆ مانگی حوزەیران ئامادە نیە 120 ملیار دینارەکە وەربگرێت، بەڵکو تەیف سامی داوای کردوە پشت ببەسترێت بە بڕیارەکانی 550ـی ئەنجومەنی وەزیران عیراق، کە ئاماژە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی کارگێڕی دارایی وڵات دەکات، هەر ئەمەش وایکردوە حکومەتی هەرێم بڕی پارەکە رەوانە نەکات، چونکە دارایی عیراق وەری ناگرێت و دەڵێت ئەو بڕە پارەیە بۆ (کاتی) بووە.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستە روو، وەزارەتی دارایی عیراق داوای تەواوی داهاتەکانی باج و رسوماتی لە وەفدی هەرێم کردووە، کە ئەمە پێچەوانەی مادەی 29ـیە لە یاسای کارگێڕی دارایی عیراق و ئاماژەی بەوەکردوە، کە دەبێت تەواوی داهاتەکانی باج و رسومات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو سەرچاوە باڵایەی هەرێم ئاشکرایکرد، ئێستا گرفتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، ئەویش کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکانە و پێداگری دەکەن کە دەبێت گرێبەستێکی رەسمیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق هەبێت، بەتایبەت کۆمپانیای HKN کە سەرپەرشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات، هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغداد هاتوەتە سەر هێڵ و پشتیوانی لە داوای کۆمپانیاکان دەکات، بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە کە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمەی پێ قبوڵ نیە و رەتیکردوەتەوە.
ئەوەشی روون کردەوە، حکومەتی هەرێم سەرجەم داواکانی حکومەتی عیراقیان جێبەجێکردوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، باشترین رێگەچارەش بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەغداد گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان بکات، بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەن لە بیرە نەوتییەکان.
لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد لە سەرچاوەیەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رایدەگەیەنێت، ئەمشەو وەفدێکی راوێژی و هونەری سەر بە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکدێن لە بەڕێوەبەری یاسایی و ژمێریاری و دیوانی چاودێری دارایی و لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو بەغداد بەڕێدەکەون.
وەك پەیامنێری کوردسات ئەوەشی خستەڕوو، هاتنی وەفدەکەی هەرێم بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانە لەگەڵ حکومەتی عیراق، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و پرسی موچەی مانگی شەش و مانگەکانی داهاتوو.