دوای دەستگیركردنی لاهور جەنگی بورهان، هۆتێل لالەزار كۆنتڕۆڵكرا و رەوشی ئەمنی سلێمانی ئاسایی بووەوە.

دادوەر سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لاهور جەنگی و براكانی بە پێی مادەی 56 لە یاسایی سزادانی عیراقی و یاسایی تیرۆر داواكرابوون، دواتر بەهۆی روبەرووبونەوەیان دژ بە بڕیاری دادگا و شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین كەس، بەپێی مادەی 406 ، كە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستە دۆسیەیان بۆ دەكرێتەوە بۆ لێپرسینەوە.

وتیشی، دوای دەستپێكردنەوە دەوامی رەسمی دادگا، تۆمەتبارن دەهێنرێنە بەردەم دادگا و وتەیان لێوەردەگیرێت و وتەكانیان دەخرێتە بەردەم دادوەری تایبەتمەند بۆ ئەنجامدانی رێكاری یاسایی.

ئەوەش لە كاتێكدایە، رۆژی پێنجشەممە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە، بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور جەنگی بورهان دەركرا، بەڵام بەهۆی خۆرادەست نەكردنی، بۆ ماوەی چەند سەعاتێك شەڕ و پێكدادان رویدا، دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لاهور جەنگی بورهان و پۆڵاد جەنگی بورهانی برای دەستگیركران و هۆتێل لالەزاریش كۆنتڕۆڵكرا، دواتریش داواكراوێكی تر بە ناوی رێبوار حامید حاجی خالید دەستگیر كرا و رەوشی ئەمنی شاری سلێمانی ئاسایی بووەوە.