ئەمڕۆ دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسیی لە شاری هەولێر، پێشوازی کرد لە ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عیراق.

لە دیدارێکدا کە وێندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باس لە باروودۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان کرا.

هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و موچە و کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: موچە و قوتی خەڵک جیابکرێتەوە لە موزایەدەی سیاسیی و بانگەشەی هەڵبژاردن.

پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ جەختی لەوەکردەوە کە، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی ئەرێنین و بە ئاراستەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە.