سەرچاوەیەک بۆ کوردسات نیوز: خەرجکردنی موچە پەیوەستکراوە رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکە
محەمەد رزگار
٢٠ی ئابی ٢٠٢٥
وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر پرسی موچە و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن.
سەرچاوەیەک وەفدی باڵای هەرێم بە محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاندووە، هەرێم و بەغداد رێکەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی گومرکی لە سەدا پەنجا بە پەنجا بێت و بە نیوەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دابەش دەکرێت، هاوکات هەفتەی داهاتوو وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دارایی عیراق و لیژنە وزارییەکە کۆدەبێتەوە و داهاتی باج و رسومات یەکلایی دەکەنەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عیراق رازی بووە کە لە دوای مانگی شەشەوە بە 120 ملیار دینارەکە بچێتەوە، ئەمەش رەزامەندی تەیف سامیی لەسەرە ، بەڵام هێشتا لەسەر هیچ ژمارەیەکیش رێکەوتن نەکراوە.
وتیشی، وەزارەتی دارایی عیراق لە چاوەڕوانی گەیشتنی نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش، لە کاتی گەیشتنی نوسراوەکە بۆ دارایی عیراق، ئەوکات لەسەر بنەمای ئەو نوسراوە تەیف سامی ئیمزا لەسەر خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی شەش دەکات.
ئاشکرایشیکرد، لە کاتی رادەستکردنی 120 ملیارەکە لەلایەن هەرێمەوە بە بەغداد و تەواو کردنی (رێکارەکانی) دەستپێکردنەوەی نەوت، راستەوخۆ پارەی موچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت، واتا تەنها تەواوکردنی رێکارەکان نەک هەناردەکردنەوەی نەوت.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، خەرجکردنی موچەی مانگی شەش پەیوەست کراوە رادەستکردنی 120 ملیارەکە و تەواوکردنی ریکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت.