ترەمپ: من و ناتانیاهۆ پاڵەوانی جەنگین
راهۆز
٢٠ی ئابی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا خۆی و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی، بە "پاڵەوان" وەسفکرد بەهۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ترەمپ جەختیشی کردەوە کە کۆگاکانی کەرەستەی ئەتۆمیی ئێران لەناوبراون و ئەگەر ئەو هێرشە نەبووایە، تاران لە ماوەی چوار هەفتەدا دەیتوانی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لەگەڵ مارک لێڤین، ترەمپ رایگەیاند: "ناتانیاهۆ پاڵەوانێکی جەنگە. پێموایە منیش هەروەهام. کەس گرنگی پێنادات، بەڵام منیشم."
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "کەمەرشکێن" بوون و وتی: "من ئەو فڕۆکانەم نارد. دەزانن، 22 ساڵ بوو مەشقیان دەکرد و فڕۆکەوانەکان هاتن. من خەڵاتم کردن. هەموویان و هەموو ئەو کەسانەم بانگهێشتی نووسینگەی هێلکەیی کرد کە لەم ئۆپەراسیۆنە بێ وێنەیەدا بەشدار بوون."
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد: "سی ئێن ئێن هەوڵیدا بڵێت رەنگە ئۆپەراسیۆنەکە هێندەی ترەمپ باسی دەکات سەرکەوتوو نەبووبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە تەنانەت لەوەش زیاتر بووە؛ کاولکارییەکی تەواو بوو. کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە ئەو شوێنە لەناوچووە."
بە وتەی ترەمپ، فڕۆکەوانەکان پێیان وتووە: "بەرێز سەرۆک، ئێمە و پێشینەکانمان 22 ساڵ بۆ ئەم فڕینە مەشقمان کردووە؛ هەمان فڕین بۆ هەمان شوێن کە کەرەستەکانی لێ هەڵگیرابوو. تۆ تاکە سەرۆک بوویت کە ئازایەتیت پێداین ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین. ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام نەدرایە، رەنگە ئێستا چەکێکی ئەتۆمییان هەبووایە و بێگومان بەکاریان دەهێنا."
ئەمە چەندین جارە لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ جەخت لە رۆڵی خۆی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتەوە. پێشتریش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیبووی: "لەبیرتان بێت! ... من ئەو کەسە بووم کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانم لەناوبرد."
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە "ئۆپەراسیۆنێکی مێژوویی" ناوبردبوو. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکردبوو کە هەرچەندە نزیکەی 400کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە تەواوی لەناو نەچووە، بەڵام "ئەو بڕە بەشی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناکات و لە ئێستادا لە دۆخێکدا نین بتوانن پێش بکەون."