وردەکاری ناردنی موچەی مانگی شەش لەلایەن بەغدادەوە
راهۆز
١٩ی ئابی ٢٠٢٥
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێبەجێکردنەکەی بە دوو مەرجی سەرەکییەوە بەستووەتەوە.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد، مەرجەکان بریتین لە:
1. چارەسەرکردنی کێشەکان لە 72 کاتژمێردا: پێویستە وەفدی حکومەتی هەرێم لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکان و پرسی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ بەغداد یەکلایی بکاتەوە.
2. ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار: دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ماوەیەدا بڕی 120ملیار دینار وەک بەشێک لە داهاتە نانەوتییەکان رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بکات.
لەمبارەیەوە، د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کارەکان تەواو بکرێن و کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە هەرێم و لیژنەی وەزاری بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدراڵی ئەنجام بدرێت.
ناوبراو رونیکردەوە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، پرسی پابەندبوونی هەرێمە بە ناردنی 120 ملیار دینار مانگانە، کە وەفدی هەرێم هەوڵدەدات ئەو بڕە کەمبکاتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تێڕوانینی هەولێر و بەغداد لەسەر بڕ و جۆری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم جیاوازە.
سەبارەت بە کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان، د. بڕیار وتی: "داواکاریی کۆمپانیاکان جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، چونکە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا هاتووە کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار خەمڵێنراوە تا ئەو کاتەی لایەنێکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی تێچووی راستەقینەی هەر کێڵگەیەک هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام کۆمپانیاکان نیگەرانن لەوەی کە عیراق دواتر پابەندی پێدانی شایستە داراییەکانیان نەبێت."
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر هەردوو لا لەسەر ئەم مەرجانە بگەنە رێککەوتن، ئەوا ئەگەری زۆرە لە هەفتەی داهاتوودا پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکرێت.