لە قەزای سەیدسادق چوار کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: تۆمەتبارەکان ئاژەڵ و ماتۆڕسکیلیان دزیوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە دوو چالاکی جیاوازدا بەتۆمەتی دزی کردن، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، چوار تۆمەتباریان دەستگیرکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سکاڵای تۆمار کرد کە چەند سەر ئاژەڵێکی لێ دزراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەکە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد. سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەچالاکییەکی دیکەدا و پاش تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتییەک کە ماتۆڕسکیلی لێ دزرابوو، بەبڕیاری دادوەر هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستپێکرد، پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن.

ئاشکراشیکرد، تۆمەتباران دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری  دادوەر و بەپێی مادەی 446 لەیاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە هەردوو دۆسییەکە بەردەوامە.