دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەخشەیەکی گەورەی لە "ئۆفیسی ئۆڤاڵ" پیشانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی هاوتا ئۆکراینییەکەیدا، تیایدا ئەو خاکانە دەردەکەوێت کە روسیا دەستی بەسەردا گرتووە لە ئۆکرانیا.
سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە، "پێش ئەوەی بەرەو کۆبوونەوەی فرەلایەنە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا لە کۆشکی سپی بڕۆن، ترەمپ و زێلینسکی گفتوگۆیەکی درێژخایەنیان سەبارەت بەو نەخشەیە کردووە کە ناوی "نەخشەی ململانێی روسیا و ئۆکراین" بووە.
رۆژنامەی "کیێڤ پۆستی ئۆکراین"ی رونیکردەوە، لەنەخشەکەدا بەشی رۆژهەڵات کە بە رەنگی پەمەیی ئاماژەی پێدراوە تیایدا نزیکەی لەسەدا 20ی خاکی وڵاتەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی روسیادا نیشان دەدات. 
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشکەشکردنی نەخشەکە " وەک ئامڕازێک بووە بۆ ئەوەی ترەمپ فشار بخاتە سەر زێلێنسکی بۆ ئەوەی بە بنەمای خاک بۆ ئاشتیدا بچێتەوە".
زێلێنسکی کۆمێنتێکی لەسەر نەخشەکە کرد و بە میدیاکانی راگەیاند، "هەندێک لە وردەکارییەکانی مەیدانی شەڕی لەسەر نەخشەکە نیشانی ترەمپ داوە و گفتوگۆیەکی دوورودرێژیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەو نەخشەیە کردووە.
رونیکردەوە، "من لەسەر نەخشەکە مشتومڕم لەسەر رێژەکە کردووە، چونکە ئەم ڕێژەیە زۆر باش دەزانم".