ئەمشەو وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات و پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تاوتوێ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، کاتژمێر 11ـی ئەمشەو، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکدێن لە، د.ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و چەندین بەڕێوەبەری گشتی سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بەڕێدەکەون.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، سبەینێ کۆبونەوەکانی وەفدی باڵای هەرێم لەگەڵ حکومەتی عیراق دەستپێدەکات، بە ئومێدی ئەوەی بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ موچەخۆرانی هەرێم بەدەست بهێنن.