هاوکات لەگەڵ گەیشتنی سەرۆکی ئۆکراین ڤلادیمێر زیلینسکی بە واشنتۆن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مەرجەکانی خۆی بۆ "کۆتاییهێنانی دەستبەجێ" بە جەنگ راگەیاند، کە وازهێنان لە ئەندامێتی ناتۆ لەخۆدەگرێت.

ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، ئێوارەی یەکشەممە گەیشتە واشنتۆن و رایگەیاند، هەموو لایەنەکان خوازیاری کۆتاییهێنانێکی خێران بە جەنگ و ئامانجیان گەیشتنە بە ئاشتییەکی بەردەوام.

زیلینسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەموومان ئارەزوویەکی بەهێزمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە بە شێوەیەکی خێرا و متمانەپێکراو".

سەرۆکی ئۆکراین وتیشی: "هیوادارم هێزی هاوبەشمان لەگەڵ ئەمریکا و دۆستە ئەوروپییەکانمان، روسیا ناچار بە ئاشتییەکی راستەقینە بکات".

لەلایەن خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە هاوتا ئۆکراینیەکەی دەتوانێت "دەستبەجێ" کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ روسیا بهێنێت، بەڵام گەڕانەوەی نیمچەدوورگەی کرمی بۆ ئۆکراین و چوونە پاڵی بۆ هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ی رەتکردەوە.

ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" لە پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زیلینسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان لە کۆشکی سپی نووسیویەتی: "سەرۆکی ئۆکراین زیلینسکی دەتوانێت نزیکەی دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ روسیا بهێنێت، ئەگەر بیەوێت، یان دەتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕکردن". ناوبراو زیادی کرد: "نە گەڕاندنەوەی کرم هەیە... و نە چوونە پاڵی ئۆکراین هەیە بۆ ناتۆ".

بڕیارە رۆژی دووشەممە، زیلینسکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە شوباتی 2022ەوە بەردەوامە.

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا ئامادە دەبن، وەک ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرتس راوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، و سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیکە.