بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە چالاکییەکدا لەناو شاری سلێمانی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی2025/8/5 لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەختە و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەشاری سلێمانی، توانیان لەبۆسەیەکدا دوو تۆمەتباری بازرگانی  ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( 19 )کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاک، کە ئامانجیان شاردنەوە و بردنەدەرەوەی ماددەکە بووە لەڕێگەی بارهەڵگرێکەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.